دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه،  28. 02. 2013  به‌شداریمان کرد له‌ گوێ گرتن له‌ گفتووگۆی گه‌رم و پڕ سۆز له‌ په‌رلمانی به‌ریتانیا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ به‌کۆمه‌ڵانه‌‌ی که‌به‌سه‌ر کوردا هاتوون .
شایه‌نی باسه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ کوردان به‌تایبه‌تی ئه‌و گروپی هه‌ڵمه‌تی کۆکردنه‌وه‌ی  100000 ئیمزای هاوڵاتیانی به‌ریتانیا نه‌یان توانی زیاتر له‌ 27600 ئیمزا کۆبکه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی یاسای په‌ڕلمانی به‌ریتانیا گفتوگۆ له‌سه‌ر جینۆسایدی کورد بخرێته‌ ئه‌جێندای کۆبوونه‌وه‌کانی په‌ڕلمان. به‌ڵام به‌‌پێ‌ی یاسای کۆمیته‌ی ( باک بێنج ) که‌ یه‌کێکه له‌ کۆمیته‌کانی په‌ڕلمانی به‌ریتانیا، په‌ڕلمانتێری به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد به‌ڕێز نه‌دیم زه‌هاوی که‌ ئه‌ندامه‌ تێیدا تواندرا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی باک بێنج له‌ په‌ڕلمانی به‌ریتانیا ڕێک بخرێت.
شایه‌نی باسه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ ٢ کاتژمێر زۆر به‌ هه‌ستیارانه‌ و به‌ سۆزه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ باسه‌که‌دا کرد به‌ڵام به‌ په‌سندیان زانی له په‌ڕلمانی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئاخاووتن و دانیشتنی تایبه‌ت به‌و باسه‌ ڕێک بخرێت بۆ ئه‌وه‌ی کوردان وه‌ک گه‌لێکی جینۆساید کراو له‌ جیهان پێناس بکرێن و ڕێگری بکرێت له‌وه‌ی جارێکی تر جینۆساید بکرێن.
ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت که‌ په‌ڕلمانی به‌‌ریتانیا کۆنترین په‌ڕلمانه له‌ دنیادا نزیکه‌ی 750 ساڵه‌ دامه‌زراوه، وه‌ کوردستانیش وه‌ک به‌شێک له‌ عێراقی کۆن به‌شێک بووه له‌ کٶڵۆنیالی به‌ریتانیا. بۆیه‌ به‌ ده‌ست هێنانی ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی به‌ریتانیا بۆ به‌ جیهانی کردنی جینۆسایدی کوردان زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگا و به‌ هه‌نگاو زیاتر وه‌ک بڕیاری سیاسی دان به‌ ئازاره‌کانی جینۆساید کراوانی کوردستان دابندرێت.
ده‌توانین بڵێین تا ئێستا  پڕ به‌ باڵای ئازاره‌کانمان کێسه‌کان نه‌چوونه‌ پێش به‌ڵام هه‌نگاوی گه‌وره‌‌نراون ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و کاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی کارمه‌نده‌کانی خۆیاندا قه‌تیسی نه‌که‌ن. چونکا ته‌نها بڕیاره‌ سیاسیه‌که‌ به‌ته‌نها به‌س نیه، به‌ڵکو شه‌قامی به‌ریتانی و ئه‌وروپیش زۆر گرنگه‌ به‌ ئازاره‌کانت بزانێت و له‌گه‌ڵتدا بێت. که‌مایه‌سیه‌تێکی گه‌وره‌یه که نه‌تواندراوه‌ نێوه‌ی دانیشتوانی به‌ریتانیاش له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانماندا بژین و له‌بری 27600 ئیمزا  2760000  ئیمزا کۆنه‌کراوه‌ته‌وه!
به‌ڕێزان ڕێگای زۆرمان بڕیوه‌ و که‌می ماوه‌، با ئه‌وه‌نده‌ی ماوه‌ به‌ڕێک و پێکی به‌ڕێ‌ی بکه‌ین. لانی که‌م با تینوه‌تی لاوه‌کانمان به‌ به‌شداری پێکردنیان بشکێنین، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵک له‌دنیادا پشگیری کێسه‌کانمان بکه‌ن. جگه‌ له‌وه‌ش زۆر پێویسته   به‌زووترین کات کۆمیته‌یه‌کی یاسایی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات پێک بهێدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حکومه‌تانه‌ی که کوردیان جینۆساید کردووه بدرێنه‌ دادگای نێو ده‌وڵه‌تی. مافه‌کانی کوردان به‌ شێوه‌یه‌کی یاسای بسه‌لمێندرێت. هه‌موولا کۆک بوون له‌سه‌ر دروستکردنی دامه‌زراوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی یاسایی نێو نه‌ته‌وه‌یی که هه‌مووتواناکانی تێدا چڕ بکرێنه‌وه‌. به‌ڕای ئێمه‌ زۆر گرنگه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان زیاتر گوێ له‌ میلله‌ت و له دۆسته‌کانمان له‌ دنیادا بگرێ له‌ پێناو تۆمار کردنی ده‌‌ستکه‌وتی گه‌وره‌تر.
پیرۆزه‌ له‌ که‌س و کاری جینۆساید کراوان، خه‌ڵک و حکومه‌تی کوردستان، به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی مه‌زن
خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر
 له‌نده‌ن، 28. 02. 2013

Tags: