خۆشه‌ویستان و ئازیزان له‌ تاراوگه
سڵاوی پڕ سۆز و خۆشه‌ویستی کورده‌واری دێرینتان لێ بێت
سه‌ره‌تا وێڕای سوپاس و پێزانینێکی زۆر، داوای لێبوورن له هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌که‌م که‌ به‌و په‌ڕی ڕێز و خۆشه‌ویستیان بۆ کوردایه‌تی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌بایی و برایه‌تی بۆ نێو ماڵی کورده‌واری له‌ تاراوگه‌، په‌نایان بۆ  زۆر خستنه‌‌ سه‌ر چه‌ند ڕۆشنبیرێکی کوردی بێلایه‌ن له‌ له‌نده‌ن بردووه،  بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کوردی له‌ له‌نده‌ن و خۆ کاندید بکه‌ن بۆ ده‌رباز کردنی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده له‌و قه‌یرانه‌ی که‌ گه‌یشتۆته‌ ڕاده‌ی دادگا له‌یه‌کتر گرتن به‌ داخه‌وه‌!!  ئه‌م هه‌وڵه‌ خێره‌ومه‌ندیه‌ی که ئه‌و به‌ڕێزانه‌ پێ‌ی هه‌‌ستاون به‌ڕای زۆربه‌ی خه‌ڵکی خاوه‌ن وویژدان زۆر پیرۆزه. به‌ڵام من له‌بری خۆم نه‌ک له‌بری هه‌موان زۆر داوای لێبووردنیان لێ ده‌که‌م ‌ که‌ له‌م باروزروفه‌ی ئێستای ئه‌م مه‌ڵبه‌نده، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانم بێمه‌ ناو  کایه‌که‌‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ پڕنسیپی ژیانی من دا قه‌ت کورد شکاندنی تێدا نه‌بووه و به‌ پشتیوانی خواش تێیدا نابێت. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ هیچ کارێک نزیک نابمه‌وه‌ که‌ لێ که‌م کردنه‌وه‌ی له‌‌ که‌سانی تری تێدا بێت گه‌ر خوا یارمه‌تیمان بدات.  له‌ هه‌ر شوێن و کاتێک تاکه‌کانی میلله‌ته‌که‌مان بڕیاری خۆ ڕاهێنان له‌سه‌ر یه‌کتر قبووڵ کردن و له‌ یه‌ک زیاد کردنیاندا، به‌ دڵنیایه‌وه ده‌یانی وه‌ک من به‌خۆشحاڵیه‌وه خۆی به‌ خزمه‌ت کار و سه‌ربازیان ده‌زانێت.
به‌ڕێزان زۆرن ئه‌وانه‌ی بڕیاریان داوه له‌و دنیاش به‌ کوردی زیندوو ببنه‌وه‌، وه‌ڵامی قه‌بریش به‌ کوردی بده‌نه‌وه،  به‌ڵام له‌م دنیای جه‌نجاڵی خۆ خۆری و خۆ به‌سه‌ر یه‌کتر فه‌ڕزکردنه‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک لێ‌ی نزیک نابنه‌وه و خۆی لێ ناده‌ن.  ئه‌وه‌نده‌ ڕێز و حورمه‌ته‌ که‌ له هه‌ندێک  خه‌ڵک به‌دی ده‌که‌ین، بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌ به‌سه‌ گه‌ر پێ‌ی بزانین. پێویسته‌ زۆر پێ‌ی سوپاس گوزاربین و نه‌یگۆڕینه‌وه‌ به‌ تاجی پاشایه‌تی.
خوشک و برا ئازیزه‌کان ؛
به‌ڕای من مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کورد له‌ له‌نده‌ن پێویسته‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵک و ببێته‌ مه‌ڵبه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و بڕوا به‌یه‌ک بوونی کوردان له‌ تارواگه. ببێته مه‌ڵبه‌ندی بانگهێشت بۆ چاکه‌ و خۆ دووره ‌په‌رێزی له‌ قسه‌ و قسه‌ڵۆک، پاشقول له‌یه‌ک گرتن و یه‌کتر شکاندن. پێویسته‌ ببێته‌ ئاوێنه‌یه‌کی ڕه‌وشه‌ن که‌ هه‌موو جوانیه‌کانی کورده‌واری  تێدا به‌دی بکرێت.  مه‌ڵبه‌ندی زمان، کلتور، خوێند، کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی ، په‌روه‌رده‌یی گه‌وره‌کان له‌ پێش منداڵه‌کان، دۆزینه‌وه‌ی کار، دامه‌زراندن ، وه‌رگێران، چاو ساغ  بۆ په‌نابه‌ر و نه‌شاره‌زایان، به‌ ده‌مه‌ وه‌ چوونی په‌که‌وته‌ و لێ قه‌وماوان، شوێنی به‌ هاوسه‌رگیر کردنی لاوه‌کان، شوێنی شین و شاییه‌کان……هتد.
به‌ڕێزینه هه‌موولایه‌کتان باش ده‌زانن که‌ ئه‌م که‌شه‌‌ ته‌نها به‌ خۆ دووره‌ په‌رێزی له‌ گیانی حزبایه‌تی و ڕک و کینه‌ به‌دی دێت.  بۆیه‌ به‌ ئه‌رکی ‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی ده‌ازنم  به‌ تایبه‌تی برایانی یه‌ک دایک و باوک  (گۆڕان و یه‌کیه‌تی) که‌ که‌مێک له‌گه‌ڵ یه‌کتردا به‌ به‌زه‌یتربن و ده‌مار گرژی وه‌لانێن‌، بۆ پاوه‌ن کردنی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ هێنده‌ خۆ هه‌راسان نه‌که‌ن.  به‌ڵکو  زه‌مینه‌ی زیاتر ساز بکه‌ن بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و کوردانه‌ی که تا ئێستا پاره‌ و کورسیان زۆر نه‌ کردۆته‌ مه‌راق و ڕیگایان پێبده‌ن ئه‌و کاره‌ وه‌ک خزمه‌تێکی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ته‌نها بۆ ڕازی بوونی خوا و میلله‌ته‌که‌مان وه‌ ئه‌ستۆ بگرن.  به‌سه‌ له‌م دنیای پێکه‌وه کارکردن و پێکه‌وه‌ ژیانه‌ی ئه‌وروپا ده‌رس وه‌ربگرن و چیتر ژیان له‌ یه‌کتری تاڵ مه‌که‌ن.
خوشک و براینه‌ گه‌ر که‌مێک سکتان به‌میلله‌ته‌که‌تان له‌ تاراوگا بسوتێ، ئه‌و کاره‌ هێنده‌ سه‌خت نیه‌، چونکا به‌ش کردنی کوردسیه‌کانی په‌ڕلمان و وه‌زاره‌ته‌کان نیه‌، به‌ڵکو به‌ ناو به‌شکردنی خزمه‌ت کردنی میلله‌ته!! بۆیه‌ پێک وه‌رن، به‌ وویژدانه‌وه چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی شاره‌زا و خۆشه‌ویستی ناو خه‌ڵک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کانی خۆتان که‌ توانای ئه‌و کاره‌یان تێدایه‌ کاندیدیان بکه‌ن. به‌ڵام  بیر له ٥٠ به‌ ٥٠  مه‌که‌نه‌وه، چونکا ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ زۆر ناسۆری گه‌وره‌یه،  با ئاسه‌واری نه‌‌هێڵین. به‌ داوای لێبووردنی دووباره‌ له‌ هه‌موولایه‌ک، هه‌ر شاد و شکۆداربن.
به‌ره‌و به‌یه‌که‌وه‌ ( بیرکردنه‌وه، کارکردن و ژیان) بۆ پێشه‌وه
براتان
خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر
له‌نده‌ن، 20 ی ئه‌یلولی 2011
independent.kurdistan@gmail.com
——————–—————————————————————————
بۆ ئاگاداریتان مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کورد له‌ له‌نده‌ن (Kurdish Cultural Centre) ماوه‌ی ئه‌ندامیه‌تی کردۆته‌وه‌ و تا به‌رواری 1/10/2011 به‌رده‌وام ده‌بێت.
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کاتی مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کورد له‌ له‌نده‌ن له‌ به‌رواری 08/06/2011 ه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی Charity Commission ڕاسپێردراوه‌ بۆ ڕێکخستنی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی نوێی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ڵبه‌ند له‌ ژێر چاودێری سه‌رپه‌رشتیاری سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن که‌ کۆمپانیای (Popularis Ltd)ه‌.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتی ئه‌ندامانی پێشووی مه‌ڵبه‌ند و ره‌وه‌ندی کورد له‌ له‌نده‌ن و ده‌ورووبه‌ری ده‌کات که‌ داوای ئه‌ندامێتی پێشکه‌ش بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی 2011 ی مه‌ڵبه‌ند به‌شداری بکه‌ن.
ماوه‌ی نوێکردنه‌وه یان پێشکه‌شکردنی داوای ئه‌ندامێتی شه‌ش هه‌فته‌یه‌‌‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌رواری 20/08/2011 ده‌ست پێده‌کات تا کاتژمێر 2 ی دوای نیوه‌ڕۆی شه‌ممه‌ به‌رواری1/10/2011 کۆتایی پێدێت.
هه‌موو ڕۆژانی شه‌ممه‌ له‌ کا‌تژمێر 11 به‌یانی بۆ 2 ی دوای نیوه‌ڕۆ وه‌
ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ له‌ کاتژمێر 4 بۆ 7 ی ئێواره‌ له‌ نوسینگه‌ی مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری‌ کورد به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
ناونیشان: KCC, 14 Stannary Street, London SE11 4AA.
ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌ دوای ئه‌م ماوه‌ی شه‌ش هافته‌یه‌ ده‌بن به‌ ئه‌ندام مافی به‌شداریکردنیان له‌ ده‌نگدانی کۆبۆنه‌وه‌ی گشتی ساڵی 2011 ی مه‌ڵبه‌ند نابێت.
تێبینی: ته‌نها بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی له‌نده‌ن ده‌ژین، ده‌توانن به‌ پۆست داوای ئه‌ندامێتی بکه‌ن له‌ به‌رواری 20/08/2011 تا1/10/2011 به‌ ناردنی ئه‌م‌ به‌ڵگه‌نامانه‌ی خواره‌وه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌کی خۆیان به‌ قیاسی پاسپۆرت.
مه‌رجه‌کانی ئه‌ندامێتی:هه‌ر به‌ڕێزێك ده‌یه‌وێت ببێت به‌ ئه‌ندام‌، تکایه‌ ئه‌م پێویستیانه‌ی خواره‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت بۆ KCC له‌یه‌کێك له‌و کات و ڕۆژانه‌ی سه‌ره‌وه‌.
1. فۆرمی ئه‌ندامێتی پرکراوه‌که‌ هاوپێچکراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاگاداریه‌، وه‌یان ئه‌توانن له‌ ڕۆژی سه‌ردانتان بۆ مه‌ڵبه‌ند پری بکه‌نه‌وه‌.هه‌روه‌ها ده‌توانن به‌ یه‌کێك له‌م ڕیگایانه‌ داوای بکه‌ن: ئیمه‌یلمان بۆ بکه‌ن بۆ kcclondon@hotmail.co.uk ، یان ناونیشان یان ئیمه‌یلی خۆتان تێکست بکه‌ن بۆ ژماره‌ی مۆبایل 07585002754 تا به‌ پۆست یان به‌ ئیمه‌یل فۆرمه‌که‌تان به‌ده‌ست ده‌گات.
2. به‌ڵگه‌ی ئه‌سلی ناونیشان(ئه‌درێس) – له‌ 3 مانگ کۆنتر نه‌بێت: بیلی ته‌له‌فۆن، غاز، کاره‌با، یان بانك …
3. به‌ڵگه‌ی ناسنامه‌ – کۆپیه‌ك له‌ پاسپۆرت، مۆڵه‌تی شوفێری (پرۆڤیژناڵ نه‌بێت)، یان کارتی په‌نابه‌ری وێنه‌داری یان مۆله‌تی نیشته‌جێبوونی وێنه‌داری هۆم ئۆفیس.
4. £20 به‌شداربوونی ساڵانه:پێویسته‌ به‌ چه‌ك بێت و بۆ ناوی KCC کرابێت ئه‌گه‌ر به‌ پۆست داوای ئه‌ندامێتی بکه‌ن. داشکانی خێزانی هه‌یه‌ – £20 بۆ سه‌رۆکی خێزان و بڕی £10 بۆ هه‌ر ئه‌ندامێکی تری خێزانه‌که‌ به‌ مه‌رجێك هه‌مان ناونیشانیان هه‌بێت و به‌ڵگه‌ی ناونیشانیان به‌ناوبێت.
5. وێنه‌یه‌ك به‌ قیاسی پاسپۆرتپێویسته‌ بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌نده‌ن ده‌ژین و به‌ پۆست به‌شداری ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ که‌سانی تر به‌ ئاره‌زووی خۆیانه‌.
‌له‌ دوای ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌که‌ ئه‌ندامانی مه‌ڵبه‌ند به‌ نامه‌ ئاگادارده‌کرێنه‌وه‌ له‌‌ ڕۆژ وکات و شوێنی ده‌نگدان وکۆبونه‌وه‌ی گشتی‌.بۆ زانیاری زیاتر تکایه‌ په‌یوه‌ندی بکه‌ن به ژماره‌ی مۆبایل 07585002754.
سوپاس، له‌گه‌ڵ ڕێز و سڵاوی
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کاتی مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کورد KCC

Tags: