خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ و ماڵ وێران کراوی کوردستان، ده‌وڵه‌تی تورکیا و ئێران هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌‌ بیانویه‌ک سنوره‌کانی هه‌رێم گڕد ده‌ده‌ن، ڕه‌ز و باخمان ده‌سوتێنن، مه‌ڕو ماڵاتمان له‌ناو ده‌به‌ن، گونده‌کانمان جارێکی تر کاول ده‌که‌نه‌وه، ڕووباره‌کانمان لێ ووشک ده‌که‌ن، ژینگه‌‌مان لێ ده‌شێوێنن و ژیانی دانیشتوانی ده‌خه‌نه‌ دژواری و مه‌ترسیه‌وه. له‌ ناوچه‌ ناکۆکی له‌سه‌ره‌کانیش ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر به ‌به‌رچاوی کاربه‌ده‌ستانی به‌غدا، کورد  تیرۆر ده‌که‌ن و له‌سه‌ر زێدی باب و باپیریان هه‌ڵیان ده‌که‌نن.

بێ ده‌نگی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی که‌ به‌رپرسیاریه‌تی یه‌که‌میان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ له پاراستنی خه‌ڵک و خاکی کوردستان، زه‌مینه‌یه‌کی له‌بارتری ڕه‌خساندووه بۆ کۆمه‌ڵ کوژیه‌کی تری کورد له‌ هه‌ر سنورێک‌ به‌‌ بیانویه‌ک.

‌ پێش ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی یان گله‌ی و گازنده‌ له‌ دۆسته‌کانمان بکه‌ین، به‌ر پرسانی کورد له‌ به‌غدا له‌ هه‌موو که‌س زیاتر ‌ هۆباڵی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌کورد ده‌کرێت ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆیان، ئه‌گه‌ر چیتر حکومه‌تی به‌غدا بۆ مه‌رامه‌کانی ئه‌مریکا ڕابگرن. چونکا هه‌موو لایه‌ک باش ده‌زانین که جگه‌ له‌ کورد که‌س به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ عێراق ڕازی نیه‌. ئه‌مریکا‌ش وا خه‌ریکه کوردان به گورگان خواردن بدات به‌ده‌ستی داگیرکه‌رانی کوردستان!

بۆیه‌ به‌ئه‌رکی ستافی کورد له‌ به‌غدای ده‌زانم که‌ له‌ حکومه‌تی عێراقی به‌ناو فیدڕاڵ هه‌ڵوێست وه‌رگرن و به‌شێوه‌یه‌کی کاتی لێ‌ی بکشێنه‌وه.  با به‌کردار نیشانی ئه‌مریکا و دنیا بده‌ین که‌ ئه‌و عێراقه‌ی ئه‌وان گه‌ره‌کیانه‌ به‌بێ کوردان حاڵی چۆن ده‌بێت؟!

ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌توانن به‌یه‌ک ده‌نگی له‌ به‌غداد ئاگاداری ئه‌مریکا و عێراق بکه‌ن و سه‌ره‌تاش وه‌ک تێست ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ ده‌وام نه‌که‌ن، خۆیان و پاسه‌وانه‌کانیان که‌ عێراقین و سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی عێراقن، له‌ به‌غدا بکشێنه‌وه‌ و بێنه‌ حه‌مرین و جێ ناکۆک له‌سه‌ره‌‌کانی تر خێوه‌تی لێ هه‌ڵده‌ن. بزانن چیتر یه‌ک منداڵی کورد له‌عێراق تێرۆر ده‌کرێت ؟ بزانن له‌ مالیکی ڕا هه‌تا عیزه‌ت دووری و ئه‌مریکا نایه‌نه‌ به‌پیرتانه‌وه‌ و ده‌ستان بۆ به‌سینگه‌وه‌ نانێن؟ بزانن یه‌ک ته‌یاره‌ی تورکی چێدی به‌ هیچ بیانویه‌ک زاتی ئه‌وه‌ ده‌کات ئاسمانی کوردستان ببه‌زێنێت؟ بزانین سوپای پاسدارانی ئێران چێتر ده‌توانێت به تۆپه‌کانیان ڕه‌ز و باغه‌کانمان ئاورده‌ن و ڕه‌وه‌ند و ده‌‌وار نشینه‌کان له کوێستانه‌کان بتارێنن؟ بزانن په‌نجا ملێۆن کورد وه‌ک سه‌ربازێک له‌به‌ر ده‌ستاندا ڕیز نابن؟

ڕازی بوون به‌ هه‌مووشتێک هیچ مانای تێدا نیه. به‌سه‌ چیدی هێنده‌‌ گوێ به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی داگیرکه‌ران مه‌ده‌ن، تۆزێک بیر له‌ ئاینده‌ی که‌س و کاره‌ ماڵ وێرانه‌که‌تان بکه‌نه‌وه‌.‌ دڵنیاتان ده‌که‌م چه‌ند هێنده‌ی دیش به‌ڕێزه‌وه ناوی کاربه‌ده‌ستانی تورک، عه‌ره‌ب و فارس بێنن و ده‌ستیان بۆ به‌سینگه‌وه‌ بنێن، ئه‌وان کورد له میوان زیاتر به‌ هیچی تر نازانن. پێش که‌وتوو ترین عه‌ره‌ب له‌ کاکه‌ی زه‌مانی به‌عسی زیاتر به‌رامبه‌ر به‌ کورد به‌ده‌مدا نایه‌ت.

ده‌با کوردان له‌ هه‌رکوێیه‌ک ده‌ژین له‌ خه‌و ڕابن، چیدی ئه‌و ژینه په‌سته‌ قبوڵ نه‌که‌ن و به‌یه‌ک ده‌نگ و به‌یه‌ک ڕه‌نگ بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و داوای ڕاگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه و ژیانێکی پڕ ئاسووده‌ و بێ وه‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ین. دڵنیاتان ده‌که‌م هه‌ر کوردێک که‌متر له‌‌ ئازادی که ‌خوا وه‌ک مرۆڤ بۆ‌ی به‌ڕه‌وا زانیووه‌ قبوڵ کات، هه‌م له‌ دنیا  هه‌تا مردن ده‌بێ به‌سه‌ر شۆڕی بژێت، وه‌ هه‌م له‌ دنیایه‌که‌ی دیش لێپرسینه‌وه‌ی قبووڵکردنی ئه‌و سه‌رشۆڕیه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.

چاوه‌روان بن دوای ڕوخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د چۆن وورژمه‌کانی ئێران و تورکیا و به‌کرێگیرا و لایه‌نگره‌کانیان له‌ناو عیڕاق بۆ سه‌ر کورد چه‌ند زیاتر ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی کورد سڕ که‌ن و نه‌توانن هیچ ڕۆڵ ببینن له‌و گۆڕانکاریانه‌ی که‌ به‌ڕێوه‌ن و زۆر شوکربن به‌ئه‌وه‌نده‌ش که‌ لێیان نه‌ستێنه‌وه.

زۆر به‌ په‌سندی ده‌زانم که‌ به‌ر پرسانی هه‌رێمی کوردستان له‌م قۆناغه‌دا هیچ خۆیان شلوێ نه‌که‌ن وخۆ دووره‌ په‌رێز بگرن له‌ هه‌‌ر ڕاگه‌یاندن و گرژیه‌ک، بۆ ئه‌وه‌ی تێوه نه‌گلێن له‌شتی لاوه‌کی پێش هاتنی رووداوه‌کان. به‌ڵام زۆر زۆر گرنگه‌ ئاماده‌کاری بۆ رووداوه‌کان بکه‌ین، ‌ چیدی ئه‌وڕ و سبه‌ینێیان پێ نه‌که‌ین، به‌کردار‌ یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان به‌ دنیا نیشان بده‌ین. چونکا ئه‌و فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌ تورکی و تۆپه‌ دوور هاوێژه ئێرانیانه بێ جیاوازی ته‌ڕ و ووشکی ‌خاکی کوردستان پێکه‌وه ده‌سوتینن. ئه‌و تیرۆریستانه‌ی که‌ دوێنێ له‌ موسڵ کوردیان تیرۆر ده‌کرد ئه‌مڕۆ له‌ دیاله‌ بێ جیاوازی کورد ده‌کوژن.

ده‌رمانی هه‌موو ده‌ردان یه‌کیه‌تی نه‌ته‌‌‌وه‌یی، کشانه‌وه‌‌یه‌کی کاتی له‌به‌غدا بۆ حه‌مرین و دانانی ماوه‌یه‌کی دیاری کراو (زیاتر نه‌بێت له‌ شه‌ش مانگ) بۆ ئه‌مریکا و عیراق بۆ ڕازی کردنی کورد.

له‌ خه‌و هه‌ستن میلله‌تی کورد خه‌و زه‌ره‌رتانه‌

هه‌موو ئان و سه‌عاتێک عه‌ینه‌ن قه‌ڵغان و سوپه‌رتانه

Tags: