8- مارت - 2016

به‌ڕوخسەدی دایكان و خۆشكان ده‌ڵێم هه‌موو کات و ساتێک ڕۆژی ئێوه‌یه ئه‌گه‌ر به‌‌های مێینایه‌تی خۆتان بزانن و به ووشیاری بیپارێزن
به‌ڕێزان وه‌ک ده‌زانن
ژنان کارگه‌ی دروست بوون، په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی مرۆڤه، خاوه‌نی پێکهاته‌ی له‌شێکی تایبه‌تین، جگه‌ له‌ سوڕی خوێن و نوێ بوونه‌وه‌، شیرده‌ری، هه‌ست، سۆز، دڵی سافی و بێگه‌ردی، خاوه‌نی زۆر خاڵی پۆزه‌تیفی ترن که‌ له‌ نێره‌وه‌زاندا به‌دی ناکرێ

 به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ له دایک و ‌باوکان له‌‌کاتی له‌دایک بوونی کچان وه‌کو کوڕه‌کان پێیان شانازنین! به‌ڵام که‌ ده‌گه‌نه قۆناغی پیری و په‌ک که‌وته‌یی، مه‌زنی ئه‌وانیان وه‌ک فریادگوزارێک بۆ وه‌ ده‌ر ده‌که‌وێت و خۆزگه‌ ده‌خوازن که‌ هه‌موو کوڕه‌کانیان کچ بان
کیژۆڵه‌کان ئه‌گه‌ر له هه‌ڕه‌دی لاویدا خۆراگربن‌، چه‌ندین نێره‌وه‌ز له‌ هه‌موو چین و توێژه‌کان، بۆتان به‌چۆکدادێن و خۆیان به‌قوربانی خاکی ژێر پێتان ده‌که‌ن و هه‌موو خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک و گونده‌که‌شیان خۆش ده‌وێت به‌بۆنه‌ی ئێوه. دوای ڕازیبوونی ئێوه‌، نیوه‌ی ئیمانیان پێ ڕه‌وا ده‌زاندرێ و ماڵێکی نوێ ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه
له کاتێک که‌ ده‌بن به‌دایک په‌روه‌ردگار به‌ هه‌شت ده‌خاته‌ ژێر پێتان و به‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئێوه‌ ماف به‌ هیچ پیاوێک نادرێ که چاوی به‌هه‌شت بکه‌وێت

به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌ دنیای ده‌ره‌وه نێره‌وه‌زه‌کان به‌سانایی ده‌توانن ڕه‌گه‌زی مێینه له‌خشته‌ به‌رن و بازاڕی سیاسی، ئابووری خۆیانیان پێ گه‌رم بکه‌ن. له‌ هه‌ڕه‌دی هه‌ڵدان و جوانیدا وه‌ک بوکه‌ڵه؛‌ مارکێت، ڕیستۆران، هوتێله‌کانیان پێبڕازێننه‌وه و که‌ل و په‌ل و کاڵاکانیان پێ ساغ که‌نه‌وه. دوای شه‌مزاندن یا کامڵ بوون شوێنی کاره‌که‌یان له‌ سکرتێری و پێشوازیکه‌ره‌وه ده‌گوازنه‌وه بۆ دیوی ئاماده‌کاردن و خزمه‌تگوزاریتر. ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیری کردبێ له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌کار، ئه‌رکه‌کانی ماڵداری چاوه‌روانی ده‌کات. له‌ ڕاستیدا کاره‌‌کانیان دوو چه‌ندان بووه و به‌رامبه‌ر کرێیه‌کی‌ که‌متر له‌ پیاوان

زۆرتر به‌داخه‌وه له ووڵاتی خۆمان سه‌ڕای غیابی یاسا و ڕێسایه‌کی تۆکمه که ئه‌رک و مافی هه‌ر تاکێکی دیاری کردبێ، کۆمه‌ڵێک داب و نه‌ریت به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زی مێینه‌ بوونه‌ کلتوور. جێگای حه‌سره‌ته هه‌ندێک له‌و ژنانه‌ی که‌ له‌ شاخ بوون، هه‌روه‌ها به‌شێک له هاوسه‌ری شه‌هیدان، ڕزگاربوان له‌ جینۆساید و ئه‌نفالکراوان، یان دایکانی شه‌هید، بوونه‌ قوربانی به‌هۆی حساب بۆکردنیان وه‌کو پاشکۆ‌ی هاوسه‌ره‌ تێکۆشه‌ره‌کانیان و مافه‌کانیان وه‌ک پێویست له‌به‌ر چاو نه‌گیراوه
بۆ نموونه‌یه‌ ژنێکی خاوه‌ن به‌کالیۆرس دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هاوسه‌ری شۆڕشگێڕێکی یاخی، زیاتر له‌ ٣٠ ساڵ هه‌موو وویست، خه‌ون و ئاواته‌کانی وه‌لا ده‌نێ و ده‌که‌وێته‌ قه‌ده‌رێکی نادیار به‌هۆی به‌شداری خێزانی له خەبات و تێكۆشان بۆ به‌دیهێنانی ژیانێكی شایسته‌ و گونجاو بۆ میللەتەكە‌ی. ئه‌و شێره‌ ژنه
له‌ کاتێک که هاوژینه‌که‌ی له جه‌وله‌ و دابه‌زین بوو بۆ ناو شاره‌کان، نزای ته‌نها گەڕانەوه‌ی هاوسه‌ره‌که‌ی بوو بەسەلامەتی
له‌ کاتی بریندار بوون و چاره‌سه‌ری ده‌رمانیدا ته‌نها خزمه‌تکردنی و ئه‌شک ڕشت به‌نهێنی بوو
له‌کاتی دەست بەسەری و نشته‌جێکردنی به‌زۆری لە كەمپی ئه‌نفالکراوه‌کاندا، نا ئومێد نه‌بوو
لە كاتی خۆشاردنه‌وه لە بەیتوونەیەكی ماڵاندا و له‌ قۆناغی خه‌باتی نهێنیدا به‌هیواوه‌ ده‌یڕوانیه‌ ئایینده
له‌کاتی زیندانکردنی هاوژینه‌که‌ی، خۆی له‌چاوی پۆلیس و خه‌ڵک ده‌شارده‌ و نه‌فسیه‌تی به‌رز بوو
له‌ پێش ڕاپه‌ڕین پشتیوان و هاوکاری هاوژینه‌که‌ی بوو له ڕێكخستنی خه‌ڵك و جۆشدانیان
لە كاتی ڕاپەڕیندا شان به‌ شانی پیاوان له‌ مه‌یدان بوو
له‌ دوای ڕاپه‌ڕین له خزمه‌تکردنی پێشمه‌رگه‌ و به‌ڕێکردنی میوان دابوو
له‌ کاتی وه‌به‌رهاتنی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین ناوی له‌لیستی ژنی پێشمه‌رگه‌دا نه‌بوو
له‌ تاراوگه وێڕای وەبەرهێنانی منداڵ و پەروەردەكردنیان، ئەركی ماڵ و میوان، خوێندن و پشتیوانی هاوژینه‌که‌یه‌تی له‌ خوێندن و كار ، به‌شداره  له چالاکی شارستانی، خۆنیشاندان و ڕێپیوانه‌کان، زۆر جار به‌ده‌ستی خۆی خواردن ئاماده‌ ده‌کات بۆ به‌شداربوانی بۆنه‌، سیمینار و یاده‌وه‌ریه‌کانی جینۆساید و ئه‌نفال … هتد

جێگای داخه‌ له‌سه‌رده‌می حوکی خۆماڵی و به‌ڕیوه‌بردنی کوردستاندا، حسابی ژنی جاشێکی سوکه‌ڵه‌ی قه‌دیمی بۆ ناکه‌ن و وه‌ک مامۆستا کۆنه‌ به‌عسیه‌کانیشی که‌ هاوپیشه‌ی بوون خانه‌نشینی پێ ڕه‌وانابینن

خوشکانی به‌ڕێز ئاگاداربن گرێبه‌ستی هاوبه‌شی ژیان لەگەڵ نێرەوە‌زێکی یاخی و شۆڕشگێر زۆر به‌ سوێ و تاڵه بەڵام له‌چاوی خه‌ڵکی به ئاگا و مرۆڤ دۆست دا چیژی هه‌نگوینی ده‌دات

سڵاو و له‌و شێره‌ ژنانه‌ی که‌ بوونه‌ ته‌واوکه‌ری هاوسه‌ره‌کانیان

براتان
خالید ئاسنگه‌ر
له‌نده‌ن، 8ی مارت 2017