UN First International day of remembrance
سه‌ری ڕێز و نوزاش بۆ هه‌موو قوربانیانی ئه‌و تاوانه‌ له‌ کوردستان و جیهان داده‌نه‌وێنین و پشتیوانی خۆمان بۆ ڕزگاربوان و که‌س و کاری شه‌هیدان نوێ ده‌که‌ینه‌وه‌. په‌یمانیان پێ ده‌ده‌ین که‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌توانماندا بێت درێخی نه‌که‌ین بۆ به‌جیهانی کردنی کێسه‌کانیان و هه‌رچی توانا هه‌یه‌ بیخه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ زیاتر ڕێکخستنی کاری هه‌ره‌وه‌زی له‌گه‌ڵ گه‌لانی جینۆسایدکراو له‌ جیهاندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌تر و به‌هێزتره‌وه‌
١- ده‌نگیان به‌ناوه‌نده‌ بڕیار به‌ده‌سته‌کانی جیهاندا بگه‌یه‌نین
٢- ڕێگای دادگا نیوده‌وڵه‌تیه‌کان بگرینه‌ به‌ر بۆ به‌دادگایی گه‌یاندنی بکه‌رانی جینۆساید و قه‌ده‌‌غه‌کردنی و رێگرکردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یی
٣- داوای قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ڕزگاربوان، که‌س و کاری قوربانیان و زیان لێکه‌وتووان
به‌ پێویستی ده‌زانین له‌م رۆژه‌ مێژوویه‌ دا که‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ پیاده‌ ده‌کرێ له‌ دوای بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌کان که له سه‌پتێمبه‌ری ٢٠١٥ به‌ره‌سمی ناسرا، داوا له‌که‌س و کاری قوربانیان و ڕزگاربوان بکه‌ین بۆ کۆده‌‌نگی و کاری هه‌ره‌وه‌زی شارستانی یه‌کگرتووی بۆ باشتر به‌دیکۆمێنت کردنی کێسه‌کانمان و کاریگه‌رتر گه‌یاندنیان به‌ناوه‌نده‌ نیو ده‌وڵه‌تیه‌کان. هه‌روه‌ها تکاتان لێ ده‌که‌ین هاوکار و پشتیوانمان بن بۆ زیاتر فشار دروست کردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌ لۆکاڵی، ناوچه‌‌که‌ و جیهانیه‌کان و داوابکه‌ین
یه‌که‌م: له‌ به‌ر پرسانی هه‌ر ٥ حزبی نێو ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، که‌ میلله‌ته‌ جینۆسایدکراوه‌که‌مان به‌رگه‌ی زیاتر ناگرێت، تکایان لێ بکه‌‌ین که به‌زووترین کات ڕێککه‌ون له‌سه‌ر چالاک کردنه‌وه یا نوێکردنه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێ‌ی دام و ده‌زگاکانی یاسادانان و به‌ڕێوه‌بردن له‌ پێناو ئاسایی کردنه‌وه‌ی باری ئاسایش، ئابووری، ده‌روونی و ژیانی خه‌ڵکی که‌م ده‌رامه‌تی کوردستان و به‌فیڕۆ نه‌دانی چیتری کات، هه‌ل و ژیانی میلله‌ته‌ سته‌م دیده‌که‌مان
دووه‌م: داوا له‌ سه‌رۆکی فڕاکسێۆنه‌ کوردیه‌کان و هه‌موو ئه‌ندامانی کورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بکه‌ین بۆ ئاماده‌کردن و پێشکه‌ش کردنی پرۆژه‌ یاسایه‌ک بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌‌ی که‌س و کاری شه‌هیدان و جینۆسایدکراوانی کوردستان بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ ٥٠ ساڵ، هاوشیوه‌ی قوربانیان و زیان لێکه‌وتووه‌کانی ( ئێران ، کوێت و ده‌وڵه‌تانی خه‌لیج) له‌شه‌ڕی که‌نداو له‌ ده‌ستوور و بودجه‌ی گشتی ساڵانه‌ی عێراق جێگیر بکه‌ن. به‌ جیا له‌ کێشه‌ و ململانێکانی حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند  به‌یه‌که‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ یا به‌ شێوازێکی تر پێکه‌وه‌ ژیان یا هاوسێ یایه‌تی دۆستانه هه‌ڵده‌بژێرن
  سێهه‌م: ئازادی کردنی بێ شه‌رت و مه‌رجی هاوسه‌رۆکانی هه‌ده‌په‌ و شاره‌وانیه‌ کوردییه‌کان و هه‌موو زیندانیانی سیاسی  له‌ باکور. پێویسته‌ به‌یه‌که‌وه‌ هه‌موو که‌ناڵه‌کان بگرینه‌ به‌ر بۆ وه‌گه‌ڕ خستنه‌وه‌ی دیالۆگ و دانوستانه‌کان و داوای ئاشتی و داننان به‌ مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردن کوردان له‌ چوار چێوه‌ی ده‌ستوور یاسای دیمکڕات و دادوه‌ر له‌ ووڵاتی تورکیادا بکه‌ین
چواره‌م: ڕاگرتنی جینۆسایدی له‌ ڕۆژئاوای کوردستان و شاره‌کانی تری سوریا و به‌شداری پێکردنی کورد له‌ دیالۆگه‌کانی نه‌خشه‌ رێگای ئاشتی و دانوستانه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان له‌سه‌ر ئایینده‌ی سوریا
پێنجه‌م: ئازاد کردنی خوشکه یه‌زیدیه‌کان که‌ تا ئێستا وه‌ک کۆیله‌ له‌ ووڵاتانی عه‌ره‌ب و شوێنه‌کانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی داعش بازرگانیان پێوه‌ ده‌کرێ
له‌ کۆتایدا داوایی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی شه‌نگال، کوبانێ ، سوور و شار و گونده‌ وێرانکراوه‌کانی تری هه‌ر سێ پارچه‌ی کوردستان و ڕاگرتنی له‌ سێداره‌دانی به‌ کۆمه‌ڵی لاوانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ زیندانه‌کانی کۆماری به‌ناو ئیسلامی ئێران، به‌ ئه‌رکی هه‌موو مرۆڤ دۆست و ئازادی خوازانی جیهانی ده‌زانین
نه‌فره‌ت له‌ جینۆساید و ئه‌نجام ده‌رانی
درود بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان
براتان
خالید ئاسنگه‌ر
له‌نده‌ن، ٩ی دێسه‌مبه‌ری ٢٠١٦
http://www.un.org/en/events/genocidepreventionday/
http://www.preventgenocide.org/law/convention/text.htm