Untitled

 

 

 

به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین ئۆردوگای خه‌بات به‌زۆر کرا به‌ جێگا نشینگه‌ی خه‌ڵکی قه‌ڵادزێ، دیبه‌گه‌ و سه‌نگه‌سه‌ر هه‌ڵبه‌تا پێشتر خزمانی هه‌رکی و گۆران چه‌ند عه‌شیره‌ت و تایفه‌ی تر
هه‌روه‌ک چۆن له‌ ٤ – ٣ – ١٩٩١ چه‌خماخه‌ی ڕاپه‌ڕین له ئۆردگای خه‌باته‌وه پڕیشکی هاویشته‌ ده‌ڤه‌ری بیتوێن و هه‌موو کوردستان، به‌ هه‌مان شێوه‌‌ له‌ کۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌که‌ی به‌هاری ١٩٩١ ڕۆژێک دوای گیرانی شاری هه‌ولێر پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان به‌ناچاری له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی به‌رگری کشانه‌وه
چه‌ندین سه‌رگوزشته‌ی تاڵ بۆ ئه‌و کاتی و وه‌ک ڕاوی هه‌نگوین بۆ ئه‌مڕۆ هه‌ن ئه‌گه‌ر هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌کانم توانیبێتیان  تا ئێستا تۆماریان بکه‌ن. ڕوخسه‌د له‌ هه‌موو لایه‌کتان ده‌خوازم وه‌ک وه‌فا ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بۆ مێژوو به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه تۆمار ده‌كه‌م
چێشته‌نگاوێکی دره‌نگی ٣١ – ٣ – ١٩٩١ برایه‌کی پێشمه‌رگه‌‌ خه‌به‌ری دامێ که که‌سێک به‌ ناوی (خ) پڕوپاگه‌نده‌ی له‌ناو ئۆردوگای بڵاوکردۆته‌وه، گوایه‌ حکومه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌ولێردا گرتووه. ئه‌منیش کابرام ده‌ناسی و ده‌مزانی که‌ پێشتر خزمه‌تگوزاری فه‌رمانگه‌یه‌کی حکومی‌  و چه‌کداری جاشی نا شه‌عبی به‌عس بووه، بۆیه‌ ناچار بووم له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌کانم بچم بۆ ماڵه‌که‌یان
بانگم کرد کاک (؟) ئه‌و قسه‌ و باسه‌ چیه‌ بڵاوی ده‌‌که‌یه‌وه؟
که‌ چاوی پێکه‌وتم که‌مێک ترسا، ووتی مامۆستا وه‌ڵلا هیچم بڵاو نه‌کردۆته‌وه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ ئه‌مڕۆ به‌یانی به‌‌ چاوی خۆم ده‌بابه‌م دیت له‌ ناو شار هه‌ولێر، له‌ترسان نه‌مزانی چۆن بگه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵێ
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کابرا جێگای بڕوا نه‌بوو، بۆ به‌رز کردنه‌وه‌یی ووره‌ی پێشمه‌رگه‌کان و خه‌ڵکی ئۆردوگاکه ناچار بووم‌ به‌ر په‌رچی بده‌مه‌وه‌. پێم ووت ئه‌وه‌ ئاخر جاره‌ ئه‌و ووته‌یه‌ت له‌ده‌م دێته‌ ده‌رێ، ئه‌گینا ئه‌و عافواته‌ی به‌ره‌ی کوردستانی که‌ پێشتر زۆربه‌ی چه‌کدارانی ڕژێم سوودیان لێوه‌ر گرتووه چیتر بۆ تۆ جێگای سوود لێوه‌رگرتن نابێ
کابرا به‌ترسه‌وه‌ ووتی به‌ڵێ به‌سه‌ر چاو مامۆستا
دوای نیوه‌ڕۆ به‌ دره‌نگه‌وه برایه‌کی تری پێشمه‌رگه‌ جیایی کردمه‌وه، ووتی مامۆستا هه‌موو حزبه‌کان له‌ به‌یانی زووه‌وه ئێره‌یان چۆڵکردووه. ته‌نها ئێمه‌ ماوین، ڕات چیه؟! ووتم برام ئه‌گه‌ر به‌ته‌نهاش بین شه‌رمه‌ پێش بۆ سوپا چۆڵ که‌ین، هه‌تا به‌ فه‌رمی له‌سه‌روی خۆمان ئاگادار نه‌کرێین بکشێینه‌وه
ووتی زۆر باشه‌ وویستم ئاگادار بکه‌م ئه‌گینا بڕیاری کۆتایی لایی جه‌نابته
ووتم زۆر سوپاس، ئارام بگره‌ تا ئه‌نجامێکمان ده‌ست ده‌که‌وێت
ئێواره‌ دنیا به‌ ته‌واوی تاریک بوو، بڕیارماندا ڕاستی و نا دروستی ئه‌و قسه‌ و باس و پڕوپاگه‌ندانه‌ ساغ بکه‌ینه‌وه. بۆیه‌ به دوو سه‌یاره‌ به‌ره‌ و هه‌ولێر به‌ڕێکه‌وتین. له‌ ڕاستی شاڕێ‌ی ئۆردوگای جدیده‌ و تۆبزاوه‌، خه‌ڵکێکی زۆرمان دیت به‌ پێ ده‌ڕۆن
ده‌ستیان لێمان به‌رز کرده‌وه. ووتیان ئێوه‌ کێن؟ بۆ کوێ ده‌چن؟
ووتمان پێشمه‌رگه‌ین و بۆ هه‌ولێر ده‌چین
ووتیان نابێ بڕۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ به‌یانیه‌وه هه‌ولێر سوپای ئێراقی تێدایه
لێمان پرسین ئه‌ی ئێوه‌ له‌ کوێ بوون؟ بۆ کوێ ده‌چن؟
ووتیان له‌ قه‌راغی عه‌نکاوه‌ خۆمان په‌نادا بوو هه‌تا  تاریک داهات‌، دوایی به‌ڕێکه‌وتین ، زۆر به‌سه‌ختی گه‌یشتووینه‌ ئێره. ده‌مانه‌وێ به‌ڕێگای که‌ور کۆسک ده‌رباز بین
ئێمه‌ش ڕاست گه‌ڕاینه‌وه‌ و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی بچوکمان به‌ پێشمه‌رگه‌كان کرد و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌وربه‌رمان ئاگادار کرده‌وه که‌ ناچارین بکشێینه‌وه. بڕیارماندا له‌ پشتی خه‌بات به‌ ئاراسته‌ی که‌ورکۆسک ، له‌ ڕێگای شاخۆلان لاده‌ین به‌ره‌و مه‌سیف سه‌لاحه‌دین
به‌داخه‌وه له‌ نیوه‌ی ڕێگا یه‌ک له‌ سه‌یاره‌کان کلاجی سوتا. سه‌یاره‌که‌‌ی تر میسێۆبوشیه‌کی ده‌بڵ کابینه‌ سه‌ربازی بوو که دۆشکه‌ ١٢.٥ ملمه‌که‌ی له‌سه‌ر دابه‌سترا بوو، ناچار بووین ١٦ تا ١٧ پێشمه‌رگه‌‌ی سوارکه‌ین و  ‌سه‌یاره‌‌که‌ی تریشی پێ ڕاکێشین
هه‌ر چۆنێک بێت به‌یان دوای ده‌رکه‌وتنی هه‌تاو، واتا ١ ئه‌پریل ١٩٩١ له‌ لۆفه‌کانی مه‌سیف سه‌رکه‌وتین. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنمان مامۆستا سه‌عد عه‌بدوڵا خوا عافوی کات، ئه‌و کات به‌ر پرسی لقی هه‌ولێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان بوو، هاته‌ پێشمان و باوه‌شی پێ داکرد‌ین. ووتی زۆر داوای لێبووردنمان هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئیمکاناتێکمان له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بوو نه‌مان توانی ئاگادارتان بکه‌ینه‌وه. ووتی نازانم چۆن داوای لێبووردنتان لێ بکه‌ین. به‌ڕاستی خوا له‌ نه‌بووی داونه‌وه. خۆشحاڵم ئێستا به‌ زیندووی ده‌تان بینم. هه‌روه‌ها داوای لێکردین که خوشکی دکتۆر ئه‌حمه‌د که‌ له خێزانه‌که‌ی دابڕابوو به‌ ئه‌مانه‌ته‌ بیگه‌یه‌نینه‌‌ که‌س و کاری له قه‌ڵادزێ
به‌ ڕای ئێمه‌ ده‌تواندرا به‌رگری بکرێ و پێش به سوپا بگیرێ له‌ هه‌موو به‌ره‌کان وه‌ک چۆن ئێمه له‌ خه‌بات ڕامان گرت. به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ژووری سه‌رکردایه‌تی سه‌ربازی هاوبه‌ش و نه‌بوونی (ئیمکاناتی لۆجستیکی، شاره‌زایی ته‌کنیکی، په‌یوه‌ندی به‌ته‌ل یا بێته‌ل) له نێوان هێزه په‌رش و بڵاوه‌ جۆراو جۆره‌کانی پێشمه‌رگه نه‌تواندرا هێڵه‌کانی به‌رگری ڕێک بخرێت و به‌ر به‌ شاڵاوه به‌ر فراوانه‌که‌ی سوپای عێراقی بگیرێ. هه‌روه‌ها خه‌ڵک هێنده‌ی ترسی به‌عسی له‌ دڵدا بوو زۆر به‌خراپی سه‌ریان تێک نابوو ڕه‌وی ده‌کرد، برا ئاوڕی وه‌ برا نه‌ده‌دایه‌وه. زۆر هه‌وڵماندا بیان گێڕینه‌وه ووره‌یان وه‌ به‌ر بنێینه‌وه به‌ڵام بێ سوود بوو هه‌تا سه‌کردایه‌تی به‌ره‌ی کوردستانی خۆی ڕێکخسته‌وه‌  ئه‌وجا  پێشمه‌رگه‌  توانی له‌ (کۆڕێ ، هیزۆپ و گۆیژه‌ ) به‌ر به‌ شالاوه‌ سه‌ربازیه‌کان بگرێ و ڕایگرێ
هه‌ڵبه‌تا ڕۆژێک به‌ر له ٣١ – ٣ – ١٩٩١ فڕۆکه‌‌ی سه‌متی له‌سه‌ر شاڕێ‌ی هه‌ولێر موسڵ له‌ به‌رامبه‌ر ئۆردوگای خه‌بات، شه‌ڕی سه‌ختی له‌گه‌ڵدا کردین. ئه‌و ڕۆژه‌ خوا هه‌موومانی له‌ نه‌بوو دایه‌وه‌ به‌تایبه‌ت کاک ڕزگاری ڕه‌حمه‌تی که‌ ڕاکێتێکی هه‌وایی ئاراسته‌ی دۆشکه‌که‌ی کرا. سوپاس بۆ خوا زۆر به‌ بوێرانه‌ هه‌ستایه‌وه و به‌ په‌له‌ جێ گۆڕکێی به پیکابه‌که‌ کرد که‌ دۆشکه‌که‌ی له‌سه‌ر جێگیر کرابوو. هه‌روه‌ها برایه‌کمان که‌ تا ئێستا نازانم ناوی چی بوو، له‌سه‌ر تانکی ئاوی ئاسکی که‌ڵه‌ک به‌ ئاربیجی ته‌قه‌ی له‌ هه‌لیکۆپته‌ری سه‌متی کرد. خه‌به‌رمان بۆ هات که‌ ئه‌و برایه‌مان به‌رکه‌وتووه‌ به‌ڵام نه‌مان زانی هاوڕێکانی پێ ڕاگه‌یوون ڕزگاری بکه‌ن یا هه‌ر له‌سه‌ر تانکیه‌که‌ گیانی داوه
جێگای خۆی بوو توانیبامان یه‌ک به‌یه‌ک ناوی ئه‌و قاره‌مانانه‌ تۆمار که‌‌ین به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی زانیاری  ته‌واو به‌ گونجاومان زانی به‌ ناته‌واوی تۆماری نه‌که‌ین
هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌موو برا پێشمه‌رگه‌‌کان ده‌خوازم
له‌ خوا داواکارم ئه‌وانه‌ی له‌ ژیاندا ماون ته‌مه‌ن درێژ و به‌خته‌وه‌ر بن
  ئه‌وانه‌ی شه‌هید بوون یا کۆچی دواییان کردووه به‌ هه‌شتی بن
هه‌ر ئاوه‌دان بێت شارۆچکه‌ی خه‌بات یا ئاسکی که‌ڵه‌ک
سڵاو له‌ خه‌ڵکی خۆراگری کوردستان
هه‌ر شاد و شکۆداربن
براتان
خالید ئاسنگه‌ر
له‌نده‌ن، ٢ نیسانی ٢٠١٦